ئەکادیمیای نیشتمانی زمانی کوردی لە گەڵ ڕێزمان دا


3 قراءة دقيقة
27 Feb
27Feb

محەمەد مەندەلاوی

ڕۆژی هەینی ڕابوردوو دەستەیکی شارەزایانی زمانی کوردی بە سرۆکایەتی ئافرەتێکی زمانناس و

نووسەر و هەڵبەستوان بە ناوی (کوردستان موکریانی) لە ڕێ یەکێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیندنەوە

دامەزراندنی ئەکادیمیای زمانی کوردی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. بێگومان

ئەم خانمە لێ هاتووە ناوێکی ناسراو و بەناوبانگە لە سەرتاسەری خاکی کوردستان. ئێمە وەکو

هاونیشتمانێانی کورد و کوردستانی لە هەندەران، دەست خۆشی لە دکتۆرە کوردستان و هاوڕێ

بەڕێزەکانی دەکەین بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە نەتەوایەتیە پیڕۆزە. ئاواتخوازین لەم ئەکادیمیایە لە

چوارچێوەی تایبەتمەندێەتی خۆی دەرنەچێ، کە ئەوەیش توێژینەوەی زمانەوانیە، تا بتوانی بە بێ

گیروگرفت ئەرکە نەتەوایەتیەکەی بە شێوەیکی زانستیانە جێ بەجێ بکا.

هییوادارین لە بەڕێوبەرانی ئەکادیمیاکە پەیوەندی ڕاستەوخۆ یا نا ڕاستەوخۆ بکەن لە گەڵ هەموو

زمانناسانی کوردستان لە هەموو توێژ وناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە بێ جیاوازی چ لە باشوور بێ

یا باکوور یا ڕۆژهەڵات یا ڕۆژئاوا، وەکو: زازا، کرمانج، سۆران، هەورەمان، کەلهوری یا فەیلی

هەتادوایی، تا لە ڕێ ئەمانەوە ئەکادیمیاکە بتوانی ئینساکلۆپیدیایکی کوردی (دائرة معارف) دانا لە سەر

کاخەز کە هەموو ئەو ناو و ووشە کوردیە ڕەسەنانە بپاڕێزی لە نەمان، تا جێ شانازی گەلی کورد بێ

لە جیهان دا. بێگومان لە هەموو شت گرنتر و پیڕۆزتر ئەوەیە، ئەگەر لە تەوانای ئەکادیمیاکە بێ هەوڵ

بدا بەرەو پێشەوە چوون ئەگەرچی چەند هەنگاوێکێش بێ بۆ پێکهێنانی زمانی یەکگرتوو (ستاندارد)

چونکە زمانی کوردی ئەمڕۆ لە هەموو کوردستان بە گشتی و لە باشووری کوردستان بە تایبەت لە

ژێر هەرەشەیکی گەورە دایە چ لە لایانی پیاوە ئایینیەکانی کوردستان کە زۆربەی قسەکانیان و

ئامۆژگاریە ئاینیەکانیان بە زمانی عەرەبیە، یا هەر زۆربەی زۆری ووشەکانی عەرەبیە، بێگومان

داگێر کردنی عەرەب و تورک فارس بۆ نیشتمانی کورد کە کوردستانە کارتێکردنی نەرینی خۆی هەیە

لە سەر هەر تاکێک لە کۆمەڵگای کوردی، بەڵام، ئەکادیمیاکە دەتوانی ڕۆلێکی گەورەی هەبێ لەم

گۆڕەپانە و سەر کەوێ ئەگەر بە دڵسوزی و بە شێوەزاری زانستی ئەم بەرپرسیاریە نەتەوایەتی و

نیشتمانیە ئەنجام بدا.

دیسان، یەکێک لە ئەرکە نەتەواتیەکەی ئەم ئەکادیمیایە ئەوەیە کە تێبکۆشی لە گەڵ دامودەسگاکانی

هەرێم بۆ پاک کردنەوەی زمانی کوردی لە ووشە بێگانەکان، بە تایبەت ووشە عەرەبیەکان، یا

شیوەزاری عەرەبی لە کاتی قسە کردن دا یا لە کاتی لێدوان دان لە لایانی بەرپڕسەکانی پارتەکان یا


بەرپڕسە میرییەکانی کورد، بۆ نموونە، کاتی قسەکردنیان لاسایی عەرەبی دەکەن بە پەرلەمان ئەڵێن

بەرلەمان، لەبەر ئەوەی تا بڵێن ئەم کابرایە عەرەبی دەزانی؟!، سەرکردەی ئەم دەستە گێژ و ێژە

کابرایکە خۆی بە "بلیخانوف"ی سلێمانیە داناوە!! تازە سەڕەرای ئەوە خەڵکی گەرمیانە و دوو قسەی

عەرەبی ڕێک و پێکیش نازانی. ئەمە چ مرۆڤێکە کە لاسایی داگیر کەری نیشتمانەکەی بکا؟؟!! مەگەر

ئەوە نییە لەسەر دەرگای پەرلەمانی کوردستان بە هێڵی گەورە و بە زمانی کوردی نووسراوە

پەرلەمانی کوردستان، لە ژێر ناوە کوردیەکە بە عەرەبی نووسراوە و پاشان بە زمانی ئینگلیزی

نووسراوە، بۆ تۆ کابرا سووری لە سەر شێوەزارە عەرەبیەکە بڵێتەوە؟! ئایا ئەوەندە عەرەب مێشکت

داگیرکردووە کە ناتوانی ئازاد بێ لە کارتێکردنی هێزە نەرمەکەی؟!. ئەمن نازانم، ئەگەر کابراێیک

زمانی کە ئەندامێکی بچوکی ٨،٥ هەشت ونیو سانتیمەترە لە ناو دەمیەتی ناتوانی بپاڕێزی چۆن

نیشتمانیک بەم گەورەییە دەپاڕێزی؟؟!!.

دیسانەوە، خۆزگە لەتەوانای ئەم ئەکادیمیایە بێ چەند بنکەیکی ڕاگەیاندن دامەزرێنی تایبەت بە زمان

و زمانەوانی، وەکو کەناڵی تەلەفیزیۆن، دروستکردنی وێبسایتێکی تایبەت کە پەیوەندێی بە زمانەوە

هەبێ، دیسان لەم بوارەوە، دەرکردنی ڕۆژنامەێیک یا گۆڤارێک کاخەزی بۆ جێگیرکردنی بابەتەکان

هتد. لەم بوارەوە تێبینیکم هەیە، بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکان چ وتار بێ یا توێژینەوە یا هەر شتێکی تر

کە پەیوەندیی بە زمانی کوردیەوە هەیە دبێ هیچ ووشەیکی عەرەبی تیا نەبێ بێجگە لەو ووشانە کە لە

زمانی کوردی دا نییە ئەوکات نووسەر ناچارە لە زمانی عەرەبی وەریبگری، بەڵام، لێرا پڕسیار

دەکەین، ئایا ئەم هەژاری لە زمانی کوردی دا هەیە تا لە زمانی داگیرکەر دەستیاوکردن بکا؟، بێگومان

نە،چونکە ئەگەر نووسەر هەستی نەتەوایەتیی لە ڕێژەیکی بەرز دا بێ ئەو کات دەتوانی ئەو ووشە کە

لەسۆرانی دا نییە لە کرمانجی وەریبگری، ئەگەر لە کرمانجی دا نەبێ لە کەلهوری هەیە، یا لە

هەورامی، یا لە هەر زاراویکی تری کوردی دەتوانی وەریبگری و بە پێچەوانە. ئەگەر تا ئەمڕۆ

نووسەری کورد نازانی زمان چەند گرنگە با ئێستە بزانی کە هیچ جیاوازێیک نییە لە نێوان ئەو

فیشەکە کە لە لولەی تفەنگی جاشێک دەرەچێ و مڕۆڤی کوردی دەکوژێ لە گەڵ ووشەیکی عەرەبی

دانڕێ لە ناو بابەتێکی کوردی، چونکە ئەم ووشە بێگانەیە لە فیشەکەکەی جاشەکە مەترسیدارترە، ئەو

جەستە بریندار دەکا یا دەکوژێ، بەڵام ئەم ووشەیە جوانێتی زمانێکی دیرین ناشرین دەکا و هێدی هێدی

لەناوی دەبا و لە ئاکام دا هزری نەتەوەێک دەکوژێ. لە کوتایی دا، هیوادارم ئەکادیمیاکە بەرپڕسانە لە

گەڵ ووشەی کوردی ڕەفتار بکا تا بێ بە چەقی قورسایی لە شەقامی کوردی دا، تا زۆربەی زۆری

ئەو ووشە و ڕستانە کە ئەکادیمیاکە داڕشتێ جێگیر بێ لە ناو گوێ و سەر زاری هاونیشتمانیانی کورد

و کوردستانی.


پەندی پێشینان: بووکێ لە گەڵ تۆمە خەسوو تێبگە.


٢٥ ٠٢ ٢٠٢٠